رێز لە ژیری خۆت بگرە

رێز لە ژیری خۆت بگرە
دەگێڕنەوە ئێوارەیەک سەرۆکی ئەمریکا (کالڤن کۆلدج)، کۆمەڵە هاوڕێیەکی خەڵکی زێدی خۆی داوەت کرد، تا نانی ئێوارەی لەگەڵ بخۆن.
میوانەکان لەترسی ئەوەی کە هەڵسوکەوتێکی نەشیاو بنوێنن  لە مەجلیسی سەرۆکدا، بڕیاریان دا کە هەرچی سەرۆک کردی ئەمانیش لاسایی بکەنەوە!
ئەم بڕیارەش سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێنا تا ئەو کاتەی کە کاتی قاوە خواردنەوە هات.
سەرۆک قاوەکەی کردە ژێر فنجانەکەیەوە، میوانەکانیش هەمان کاریان ئەنجام دا، (کۆلدج)، شەکر و خامەی کردە نێو قاوەکە، میوانەکانیش هەموو وایان کرد.
بەڵام دوای ئەمە (کۆلدج)، نوشتایەوەو ژێری فنجانە قاوەکەی خستە سەر زەوییەکە، تا پشیلەکەی بیخواتەوە.

لەم چیڕۆکە فێر دەبین:
١- ئاساییە مرۆڤ کەسی لەخۆی شارەزاتر و خوێنەوارتر بکاتە سەر مەشقی خۆی، بەڵام نەک کوێرانە شوێنی بکەوێت.
٢- هەرگیز سەربەخۆیی خۆت لەدەست مەدەو عەقڵ و ژیری خۆت تەسلیم بەکەس مەکە.
٣- هەمیشە خۆت بە و خۆت مەکە بە کەسی دی و کەسایەتی خۆت وون مەکە.
٤- سوود لە پێشنیار و بۆچوونی کەسانی تر وەربگرە، بەڵام بە هەرەمەکی و نەزانی هەرگیز گوێڕایەڵی کەس مەبە.
٥- ئەگەر لاساییکردنەوەی کوێرانە بۆ مرۆڤی زانا و شارەزا نەشیاو بێت، ئەوا زۆر نەشیاوترە بۆ کەسی نەزان و بێحیکمەت و نەشارەزا.
٦- شوێنکەوتنی کوێرانە و فەرامۆشکردنی ژیری و ڕێزنەگرتن لە خود، ئەنجامی خراپ و دژواری دەبێت، مرۆڤی ژیر هەرگیز بە وەها کارێک ڕازی نابێت.

گۆڤاری بڕیاڕ ژمارە ١١٤ ، ٢٠١٧