بۆرصـــە

ناوەکەی لە ناوی کابرایەکی بەلجیکیەوە هاتوە کە ناوی ڤاندەر بۆرس بوە. ئەم کابرا کە کاری دەکرد لە سێکتەری بانکدا خاوەنی هۆتێلێک بوو لە شاری بروجی بەلجیکی تەرخانی کردبوو بۆ بەیەک گەیشتنی بازرگانەکانی سەدەی پازدەهەم. دواتر وردە وردە ئەو ناوە بوە هێمای مامەڵە داراییەکان وکردە بازرگانییەکان.

بۆرصە: بازاڕە، بەڵام لەگەڵ بازاڕی ئاساییدا هەندێ جیاوازە لە ڕووی شوێن وکڕین وفرۆشتن وئامادەبوونی کڕیار

وفرۆشیار وشمەک وخزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان.

بۆرسە چیە؟

بۆرسە بازارێکی نێودەولەتیە کە کڕین و فرۆشتنی ئاڵتون و زیو و نەوت و دۆلار و یۆرۆ و پاوەن و … تێدا دەکرێت.

 

قازانجی کار لە بۆرسەدا چیە؟

بۆرسە خێراترین بازارە کە دەتوانێ بە زوترین کات، ئامانجەکان بەدی بهێنێ. لە بازاری بۆرسە، دەتوانرێت پارەیێکی زۆر بە قەرز وەربگیرێت کە ئەو قەرزە هیچ سوودێکی ناچێت سەر. ئەمە مانای ئەوەیە کە قەرزێکی حەلاڵ بە رێژەی زۆر. دەتوانرێ تا ٢٠٠ قاتی پارە بە قەرز وەربگیرێ و لە کڕین و فرۆشتن دا بەکار بهێنرێت.

 

ئایا بۆرسە حڵاڵە؟

فتوای زۆر لە سەر حڵاڵ بوونی بۆرسە دەر کراوە، کە یەکێکیان فتوای دۆکتۆر (علی محی الدین قەرەداغی)، مامۆستای گەورەی زانکۆی قطر و خەڵکی کوردستانە کە دەڵێ ئیشی بۆرسە حلالە و هیچ کێشەیێکی شرعی تێدا نیە.

 

٭کاری بۆرسە لە چ شوێنێ دەکرێت و کاتی دەوامی چۆنە؟

کاری بۆرسە لە رێگەی (ئەنتەرنێتەوە) دەکرێت، لەبەر ئەوەشدا هیچ شوێنێکی تایبەتی پێویست نیە و تەنها دەبێ ئەنتەرنێتت هەبێت. بازاڕێ بۆرسە بازاڕێکی جیهانیە کە ٢٤ کاتژمێر کراوەیە و ئاڵ و گۆڕی تێدا دەکرێت. لە رۆژی دوشەمە تا جمعە بۆ ماوەی ٥ رۆژ لە هەفتەدا کراوەیە و رۆژانی شەمە و یەک شەمە بۆ ماوەی ٢ رۆژ دادەخرێت.

 

٭بۆ ئیش کردن لە بۆرسە چەندە پارە پێویستە؟

کەمترین بڕی پارە بۆ ئیش کردن لە بۆرسە ٥٠$ کە دەتوانی تا 200 قات قەرز وەربگریت.واتا بە ٥٠$ دەتوانی بە قەبارەی 10000$ مامەلە بکەیت و شت بکڕیت.

جیاوازی نێوان بۆرصە وبازاڕی ئاسایی:

1 لە روویگرێبەستەوە، لە بۆرصە مەرجەکانی مامەڵە چوونیەکن بۆ سەرجەم مامەڵەکان، بەڵام لە بازاڕی ئاساییدا هەر مامەڵە ومەرجی تایبەتی خۆی هەیە.

2 لە بۆرصەدا مامەڵە تەنها بە هەندێ شمەک وخزمەتگوزاری تایبەتەوە دەکرێن

وەک (لۆکە، نەوت، زیو، زێر، دراو …) کەئەبێت قابلی خەزنی هەبێت، بەڵام لە بازاری ئاساییدا هەمو جۆرە شمەک وخزمەت گوزارییەک مامەڵەی پێوە ئەکرێت.

3 لە بۆرصە کڕیار وفرۆشیار وشمەک مەرج نییە ئامادەبن بەڵکو مامەڵەکانیان لە رێگەی سمسار وگرێبەستەوە ئەنجام ئەدرێت، بەڵام هەرچی لە بازاڕی ئاساییدا ئەبێت کڕیار وفرۆشیار شمەک بەرجەستە بن ئامادەی مامەڵکە بن.

 

ئامانجی بۆرصە:

1 رێگەدان بە جمهور تا مامەڵە بە پشک وقەواڵەی کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی وتایبەتەوە بکەن.

2 هەڵسەنگاندنی کۆمپانیاکان لەرێگەی بازاڕەوە.

3 (گرنگترین ئامانج) پێداگیری وبەدیهێنانی شەفافیەت لە بزواندنی پارە وسەرمایە چ لە رووی وەبەرهێنانەوە بێت یان پاشەکەوت.

4 پارەدارکردنی کۆمپانیا وبازرگان ووەبەرهێنەر ودەزگامیرییەکان.

 

گرنگی بۆرصە:

گرنگە بۆ نەهێشتنی بێکاری وڕاکێشانی سەرمایە ووەبەرهێنەرنەری ناوخۆ وبیانی.

 

جۆرەکانی بۆرصە:

1 بۆرصەی دراوەکان: کرین وفرۆشتنی لەسەر دراوە گرنگەکان ئەنجامئەدات، وەک (دۆلار، یۆرۆ، یەنی یابانی، یەنی چینی، پاوەنی ئەستەرلینی). ئەنجامدانی ئەم کارە بە دووجووت دراو دەکرێت لەبەرامبەر یەک، وەک (GBP/EUR= 1.13) واتا یەک پاوەنی ئیستەرلینی بەرامبەر بە یەک یۆرۆ وسێزدە سەنتی ئەوروپییە. هەر دراوێک کەوتە لای دەستی چەپ واتا یەک یەکە لەو دراوە.

2 بۆرصەی کاخەزە داراییەکان: لەم بۆرصەدا ئاڵ وگۆڕ پشک وقەواڵەکان دەکرێت (زۆرێک وائەزانێت وتت بۆرصە تەنها بریتییە لەم بازاڕە).

3 بۆرصەی شمەک: بریتییە لە مامەڵەکردن بە شمەکە بنەڕەتییەکانەوە وەک (لۆکە، ئاسن، گەنم، برنج، نەوت، غاز … هتد).

4 بۆرصەی کانزا گرانبەهاکان: لەم بۆرصەدا کڕین وفرۆشتن لەسەر زێڕ وزیو وئەڵماس ئەنجامئەدرێت کە کانزای دەگمەنن.

5 بۆرصەی بیر (ئەفکار): یەکێکە لە نوێترین بۆرصەکان کە تیاییدا ئەفکار وبەرئاتی داهێنان ئەخرێتەڕوو.

6 بۆرصەی خزمەتگوزارییەکان: لەم بۆرصەدا خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان مامەڵەی لەسەر ئەکەن وەک خزمەتگوزاری گەشت وگوزار وگواستنەوە.

 

جۆری مامەڵەکان لە بۆرصە:

1 مامەڵەی ڕاستەوخۆ (فەوری- عاجل)/ پارەکە یەکسەر تەسلیم ئەکرێت دوای ئەنجامدانی مامەڵەکە.

2مامەڵەی ناڕاستەوخۆ (ئاجل)/ هەر یەکە لە وەرگرتنی شمەکەکە ووەرگرتنی پارەکە دوائەکەوێ بۆ بەرواری وەرگرتنی وەک لە گرێبەستەکە هاتوە.

 

گرنگتری بۆرصەکان جیهان:

1 بۆرصەی نیۆرک (وۆڵ ستریت)/ لە ٥٠% داهاتی نیشتیمانی ئەمریکا پێک دێنێت. دوو گرنگتری پێنوێن لەخۆ دەگرێت (داوجۆنز) کە نوێنەری کۆمپانیا گەورەکان دەکات، وهەروەها پێنوێنی (نازداک) کە سەرپەرشتی کەرتی تەکنەلۆجیادەکات.

2 بۆرصەی طۆکیۆ (کابۆتۆشۆ)/ لە ١٣٠% داهاتی نیشتیمانی ژاپۆن پێک ئەهێنێت ولە ٤٠% ئاڵ وگۆڕی جیهان پێک ئەهێنێت کە گەورەترین قەبارەیە.

3 بۆرصەی هۆنکۆنگ، لەندەن، فرانکفۆرت، پاریس گرنگترین بۆرصەکانی جیهانن. س: 1- اضاءات, معهد الدراسات المصرفية, الكويت, العدد 5, 2010. 2- خبراء المال, انواع البورصات, 2014.

 

چۆن بزانرێ کە نرخەکان لە چ کاتێک بەرز دەبێت؟

بۆ ئەوەی بتوانرێ پێش بینی نرخی ئاڵتون یان دۆلار یان دراوەکانی تر بکرێ،رێگای زۆر هەیە کە دەتوانرێ. پێش بینی کردنی نرخەکان زانستێکە کە دەتوانی بە فێربوونی ئەو زانستە لە بۆرسەدا سەرکەوتو بیت و قازانج بکەیت.

قەواڵە واتا قەرز،کاتێک قەواڵەی بانکێک یاخود حکومەت دەکڕیت واتا قەرز دەدەیت بە بانکەکە یاخود حکومەتەکە،لە بەرامبەردا دەبێت لایەنی فرۆشیار لەوادەی خۆیدا داهاتی سەرقەواڵەکە بداتە کڕیارەکە تا ماوەی قەواڵەکە ئێکسپایەر دەبێت ئەوکات قەواڵەکە بە نرخی( ڕۆژ) لایەنی کریار دەیکڕێتەوە،لە بازاڕی قەواڵەکاندا ئەم زاراوەیە بەکاردێت کاتێک قەواڵەکە ئێکسپایەر دەبێت دەڵێن قەواڵەکە مرد.

کاتێک پشکی کۆمپانیایەک دەکڕیت دەبیتە یەکێک لە خاوەن پشکەکان.

قەواڵە بریتییە لە پپێدانی قەرز.

بۆیە کاتێک کۆمپانیایەکی پشکدار ئیفلاس ئەکات،سەرەتا هەڵگری قەواڵەکان پارەکانیان وەردەگرنەوە دواتر چی مایەوە هەڵگری پشکەکان وەریدەگرن.

تێبینی:بەبێ دابەشکردنی قازانجی کۆمپانیاکە

 

سەرجاوە: مالپەری زمیریاری

www.accounting4kurd.com

 

 

ئــاستەکــانی کــارگێری

ئاســتەکانی کــارگێری
بەهۆی زۆری ژمارەی تاکەکان و فراوانی و گەورەیی قەبارەی رێکخراوەکان چەندین ئاستی کارگێڕیی دیاریکراون لەکاتی دانانی هەیکەلە ڕێکخستنەکان، کە بەشێوەیەکی گشتی، دەتوانین بۆ (سێ) ئاستی سەرەکی پۆلێنیان بکەین:

١- بەڕێوەبەری ئاستی باڵا:
ئەو بەڕێوەبەرانەن کە لە ڕێکخراوەکان لە ئاستی باڵا، یان بەرزدان، کە زۆربەی کات نازناوی وەزیفیان بریتی یە لە: (Chief Executive Officer), (CEO) کە دەکرێ پۆلێنیان بکەین بۆ: سەڕۆک، بەڕیوەبەری گشتی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری، جێگیری سەڕۆک، کە ئەمانەش بەرپرسن لە ئاست ئەو هەڵسوکەوت و چالاکیانەی، کە ڕێکخراوەکان نیشانی دەدەن، لە هەمان کاتدا زۆر گرنگی بە ژینگەی دەرەوەی رێکخراو دەدەن، لەدوای هەلی باش دەگەڕێن، کە دەبێتە هۆی گەشەسەندن و پێشکەتنی ڕێکخراوەکانیان، لە رێگای دیاریکردنی ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەکانیان و، دانانی سراتیجیەتی پێویست و چاودێری و لێکۆڵینەوە لە ژینگە و بازاڕی دەرەکی و دەرکردنی بڕیار و فەرمانی تایبەت، کە کاریگەری لەسەر دواڕۆژی رێکخراوەکەیان دەبێت.

٢- بەڕێوەبەرانی ئاستی ناوەند:
ئەو بەڕێوەبەرانەن کە بەرپرسیارن لەسەر جێبەجێ کردنی ئەو ستراتیجیانەی کە بۆیان دانراوە لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئاستی باڵا، کە ئەمانەش پۆستی بەرزیان هەیە لە ڕێکخراوەکاندا، وەکو: سەرۆکی بەشە گەورەکان، یان بەڕێوبەرایەتیە سەرەکییەکان، ڕاگری کۆلێژەکان لە زانکۆکان،سەرۆکایەتی بەشە جۆراوجۆرەکان لە نەخۆشخانە و کۆمپانیا و کارگەکان، لێپرسراوی یەکە گەورەکان ، لە کۆمپانیا بازرگانی و پیشەسازییەکان، وەکو: بەڕێوەبەری بەشی چاودێری لەسەر کوالێتی، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەو توێژینەوەو…هتد.
بوونی ئەم بەڕێوەبەرانەش لە رێکخراوەکان، گرنگی خۆیان هەیە بەهۆی ئەوەی، کە بریتین لە: پردێکی پەڕینەوە لە نێوان بەڕێوەبەرانی ئاستی باڵا و بەرێوەبەرانی ئاستی خواروو، لەهەمان کاتدا، هەڵدەستن بە ئاڕاستەکردن و سەرکردایەتی کردنی تیمەکانی کارکردن و بەڕێوەبردنی پرۆژەکان.

٣بەڕێوەبەرانیئاستیخواروو(سەرپەرشتیاری):
بریتین لەو بەڕێوەبەرانەی، کە بەرپرسیارن لەسەر ئاڕاستەکردن و هەماهەنگی کردنی کار و چالاکییەکانی نێوان تاکەکان، کە هەڵدەستن بە ئەنجامدانی چالاکییەکانی بەرهەمهێنان، یان پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری.
ئەم بەڕێوەبەرانەش دەکرێ پۆلین بکرێن بۆ: سەرۆکی بەش، سەرپەشتیار، بەرپرسی هۆبە، بەڕێوەبەری نووسینگە و …هتد، کە لەژێر دەستی ئەم بەرێوبەرانەش، ژمێریاران و ئەندازیاران و فەرمانبەرانی کارگێڕیی و نووسینگەکان کار دەکەن، بەگوێرەی سروشت چالاکی بەش و رێکخراوەکەیان.
هەر بەڕێوەبەرێک لەهەر ئاستێک لەم ئاستانەی سەرەوەدا، هەڵدەستێ بە ئەنجامدانی وەزیفەکانی بەرێوەبردن، بەڵام گرنگی هەریەک لەو وەزیفانە لە ئاستێکەوە بۆ ئاستێکی تر دەگۆڕێ، بەگوێرەی ئاست و ئەو توانا و هێزە و دەسەڵاتەی کە بەڕێوەبەر هەیەتی.
ئەگەر بەوردی لێی تێڕوانین، دەبینین: بەڕێوەبەرانی ئاستی باڵا زیاتر گرنگی بە وەزیفەکانی پلان دانان و سەرکردایەتی کردن دەدەن و بەڕێوەبەرانی ئاستی خواروو، گرنگی بە وەزیفەکانی ئاڕاستەکردن و چاودێری کردن دەدەن، بەڵام بەڕێوەبەرانی ئاستی ناوەند، گرنگی بە هەرچوار وەزیفەکە دەدەن، بەڵام بەڕێژەو ئاستی جیاواز.
دەبێ ئەوەش ڕەچاو بکەین، کە پێویستە هەماهەنگی و هاریکاری هەبێت، لەنێوان هەرسێ ئاستەکانی کارگێری، چونکە ئەمانە تەواوکەری یەکترین و لەم ڕێگایانەوە ڕێکخراوەکان ئامانجەکانیان بەدەست دەخەن.

سەرچاوە

ــ بنەماکانی کارگێری کار
نووسینی: زانا مجید صادق

وتاری بەرێوەبەر

بەڕێوەبەر داوای لە یەکێک لە کارمەندەکانی کرد، وتارێکی بۆ بنووسێت، بۆ ئەوەی لە ئاهەنگێکدا بیخوێنێتەوە، کە کۆمپانیاکەیان پێی هەڵدەستێت، داواشی لێکرد کە ماوەی وتارەکەی لە (٢٠) خولەک زیاتر نەبێت، بۆ ئەوەی ئامادەبووان لە درێژەی وتارەکە بێزار نەبن.
کارمەندەکە فەرمانی بەرێوبەرەکەی جێبەجێ کرد و وتارەکەی بە ئامادەکراوی دایە دەستی
دوای تەواوبوونی ئاهەنگەکە ، بەڕێوبەر بە توڕەیی و نیگەرانییەوە گەڕایەوە کۆمپانیا و پەڕەکانی وتارەکەی بە توندی لەسەر مێزی کارمەندەکە فڕێدا و پێی گوت: پێم نەگوتیت با وتارەکە لە (٢٠) خولەک زیاتر نەبێت بۆچی وتارێکت بۆ نوسیوم، کە نزیکەی کاتژمێرێک بوو؟ چۆن شەرمەزارت کردم بەرامبەڕ میوانەکان، بەشێوەیەک کە لە بێزاریدا پێش تەواوبوونی وتارەکە هۆڵەکەیان بەجێهێشت.
کارمەندەکە تەماشای پەڕەکانی بەردەمی کرد و وتی: گوناه گوناهی منە، ڕاستەکەی چونکە من (٢) جار وتارەکەم بۆ چاپ کردبوویت، لەترسی ئەوەی نەوەک یەکێکیان بزربێت، وادیارە بەڕێزتان هەردووکیتان خوێندۆتەوە.

لەم چیرۆکەوە فێر دەبین:
١- زۆر کەسی نەزان و نەفام هەن، لە پۆستی کارگێڕی بەرزدان، بەڵام هیچ زانست و ماریفەتێکیان نییە، تەنها دەسەڵات و پارە و پول ئەو پۆستەی پێبەخشیون.
٢- زۆرن ئەو بەڕێوبەرانەی کە نەک نازانن وتارێکی جوان ئامادە بکەن ، بەڵکو ناتوانن بەجوانی بیخوێننەوە.
٣- کۆڕ و کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکان توانای زانستی و ڕۆشنبیری بەڕێوەبەر و خاوەن پۆستەکان دەخەنە بەرامبەر خەڵک و ڕووی شاراوەیان هەڵدەماڵن

بوارەكانى (پيشەكانى) كارگێرى كار

بەرێوبەرەکان، لەهەموو ئاستەکانی پەیکەری رێکخستنیدا لەچەند گروپێکی جۆراوجۆر و یەک تەواوکەردا کار دەکەن لە چالاکیە بنچینەییەکانی دامەزراوەدا کە شێوەی چوار کارگێڕی وەردەگرێت ئەوانیش بریتین لە: کارگێڕی کردارەکان یان پرۆسەکان و، کارگێڕی بازاڕگەریی، پێشتریش بەم چالاکیانە دەوترا ( وەزیفەکانی دامەزراوە) ، ئەمەش دەبووە هۆی هەندێک تێکەڵبوون لەنێوان وەزیفەکانی دەنەزراوە و وەزیفەکانی بەڕێوەبەر، بەتەنیشت ئەو چوار کارگێڕیە بنچینەییەوە چەند کارگێڕییەکی یاریدەدەریش هەن: کارگێڕی توێژینەوەکان و پەرەپێدان و کارگێڕی پەیوەندییە گشتیەکان و کارگێڕی خزمەتگوزارییە یاریدەدەرەکان، هەموو ئەم کارگێڕیانەش باڵا دەبن بەسەر کارگێڕی باڵا لە دامەزراوەکەدا، هەروەها بە یەکێک لە چالاکیەکانی دامەزراوەش دادەنرێت.

أکارگێڕی چالاکیە بنچینەییەکان لە دامەزراوەدا:
١کارگێڕی پرۆسەکان – إدارة العمليات – Operation Management
لە ڕابردوودا بەم چالاکیە دەوترا (کارگێڕی بەرهەم) بەمانا فراوانەکەی لەناویشیدا کارگێڕی کڕینەکان و گەنجینەکان. بەڵام ئێستا کارگێڕی پرۆسەکان بە ناولێنان هاوچەرخەکەی دادەنرێت، کە پرۆسەکانی دامەزراوەی پیشەسازی تێ دەپەڕێنێت بۆ پرۆسەکانی دامەزراوە کە بەپێی ئەوە هاوردەکان (المدخلات) لە (دەرامەتە هەمەجۆرەکان) دەگۆڕێن بۆ هەناردەکان (المخرجات) لە (شمەک و خزمەتگوزارییەکان) کە بەهاکەیان زیاترە لە بەهای هاوردەکان.
لەنێو گرینگترین پسپۆڕیە لقیەکانیشدا لەناو ئەم کارگێڕیەدا پلاندانانی ووزەی بەرهەمهێنانی و، هەڵبژاردنی شوێن و، پلاندانانی قۆناغەکانی گۆڕینی هاوردەکانە بۆ هەناردەکان و، رێکخستن و، خشتەڕێژکردن و، هاوردەکردن (کڕین) و، چاودێری لەسەر زەخیرەکراوەکان (کەرەستەکان) و، لەسەر (جۆرێتی) و بەرهەمهێنان.

٢- کارگێڕی بازاڕگەری- إدارة التسويق – Marketing management
فرۆشتنی بەرهەمەکانی دامەزراوەکە لەخۆ دەگرێت لە شمەک و خزمەتگوزاریەکان بە کڕیارەکان (لە بەکاربەرەکان و ، دامەزراوە میانکارەکان)، ئەمەش دوای زانینی خواست و پێداویستیەکانیان و، کارکردن بۆ تێرکردنی لەڕووی چەند و جۆرەوە، هەروەها لەکات و شوێنی گونجاویشدا، بەم پێیەش چالاکی بازاڕگەری دیاریکردنی ئاوێتەی بازاڕگەری دەگرێتەوە، لەناویشیدا ئاوێتەی بەرهەم و، نرخدانان و، ڕەواج پێدان و، دابەشکردن و، توێژینەوەکانی بازاڕگەری.

٣کارگێڕی دارایی – إدارة المالیة – Financial Management
كارگێڕی دارایی و کارگێڕی سەرچاوەکان و بەکارهێنانەکانی داراییەکان لەخۆدەگرێت لە دامەزراوەکەدا بۆ چەند وادەیەکی جۆراوجۆر، بەئامانجی مەزنکردنی بەهای دامەزراوەکە و، بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتیەکانی تر لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا. کە ئەمەش چەند چالاکیەکی لقی لەخۆ دەگرێت، گرنگترینیان شیکارکردن و، پلاندانان و، چاودێری دارایی و، کارگێڕی سەرمایەی وەگەڕخراو (هەبووەکان-موجوداتەکان) و (داواکراوە ئاڵوێڕەکان) و، سەرمایەی جێگیر (هەبووە جێگیرەکان) و سەرچاوەکانی پارەدارکردنی وادە مامناوەند و درێژخایەن، هەروەها بەراوردکردن لەنێوان خۆ خستنە مەترسی و داهات داو- دیاریکردنی پەیکەری سەرمایە و تێچوونەکەی و، هەڵسەنگاندن و، کارگێڕی بەشکردنی قازانجەکان و لایەنە داراییەکان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیکەری دامەزراوەکەدا ( تێهەڵکێش کردن و، پەرتکردن).

٤- کارگێڕی دەرامەتە مرۆییەکان – إدارة الموارد البشرية – Human resources Management
کارگێڕی دەرامەتە مرۆییەکان ناولێنانێکی نوێیە بۆ کارگێڕی تاکەکان ( کارگێڕی کرێکارەکان ) ئەمەش: شیکارکردن و وەسفکردنی وەزیفەکان و پلاندانانی دەرامەتە مرۆییەکان و هەڵبژاردنی و مەشق پێکردنی و گەشەپێدانی و پاداشتکردنی و هەڵسەنگاندنی کارەکانی و سیستەمی هاندانی و تەندروستی پیشەیی و ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەشی دەکرێن و پەیوەندیەکانی کاری کۆمەڵی دەگرێتەوە.

ب- کارگێڕی چالاکیە یاریدەدەرەکان
١- چالاکی کارگێڕی باڵا – نشاط إدارة العليا – Top Management
ناکرێت چالاکیەکانی کارگێڕی باڵا پۆلێن بکرێن (سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی و بەڕێوبەری گشتی یان سەرۆکی دامەزراوە و جێگرەکەی) لەچوارچێوەی ئەو چالاکیە بنەڕەتیەی باسکران، چونکە ئەوە کارگێڕیەکی باڵاییە، کار دەکات لەسەر هەماهەنگی یان تەواوکاری هەموو چالاکیەکانی دامەزراوەکە لەیەک یەکەی ئامانجداردا، لەگەڵ مومارەسەکردنی چوار وەزیفە کارگێڕیەکەدا بەڵام لە ئاستێکی باڵاوە. لەوانەشە ئەوەی کە پێشتر کاری کردووە لە چالاکیە بنەڕەتیەکانی ( کارگێڕیەکان) باڵا بێت بەسەر ئەم کارگێڕیە باڵایەدا بەڵام کاتێک بەرز دەبێتەوە بۆی دەبێت وەک هەموویەک بۆ دامەزراوەکە بڕوانێت، نەک بەچاوی چالاکیەکی دیاریکراو تێیدا.

٢- توێژینەوەی و پەرەپێدان – البحوث والتطوير – Research and Development
چالاکیەکە ئەنجامدانی توێژینەوەی پراکتیکی لەخۆ دەگرێت ئامانجی لەخۆگرتنی گۆڕانە و وەڵامدانەوەیە بۆی، لەناویشیاندا پەرەپێدانی پرۆسەکان و بازاڕگەری و دارایی و دەرامەتی مرۆیی، لەچوارچێوەی ژینگەیەکی نوێ بۆوەدا.

٣پەیوەندییە گشتیەکان – العلاقات العامة – Public Relation
ئەمەشیان چالاکیەکە کە رێکخراوە (دامەزراوە) بە کۆمەڵگەوە گرێ دەدات لەڕێگەی ئاگاداربوونی دروست لە پێویستیەکانی ژینگە و هەڵوێستی لە دەرهاتەکانی رێکخراوە  و ئاگاداربوونی دروست لە سیاسەتەکان و دەرئەنجامەکانی رێکخراوە بۆ ئەوەی ژینگە لە بەشدارییەکانی ئاگاداربێتەوە هەروەها هۆشیارکردنەوەی جەماوەرەکەی بە باشترین شێواز  بۆ سوود وەرگرتن لەو دەێئەنجامانە، ئەمە وێڕای هەماهەنگی دروست لەگەڵ کارگێڕی رێکخراوەکە و بەشداریکردن لە کێشانی سیاسەتەکانی بۆ گەیشتن بە بەرزترین ڕادەی مومکین لە تێرکردنی پێداویستیەکانی ژینگە.

ئەركەكانى كارگێرى بەبازارخستن

١- دیاریکردنی سیاسەتەکان و پڕۆگرامە بازاڕگەرییەکان بۆ هەموو جۆرە یەکە رێکخستنیەکان.
٢- دیاریکردنی ئامانجە گشتیەکان و لقیەکان بۆ هەموو بەشەکان لە چوارچێوەی کارگێڕی بازاڕگەریدا.
٣- نەخشە ڕێژی و جێبەجێ کردنی هەموو ڕوماڵی و لێکۆڵینەوەکان کە پەیوەستن بە بەکاربەران یان ململانێکاران یان ڕەوشەکانی پیشەسازی کەوا رێکخراوەکە کاری تێدا دەکات.
٤- شیکارکردن و ڕاڤەکردنی داتاکان کەوا کۆدەکرێنەوە بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتە بازاڕگەرییەکان.
٥- ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی بازاڕ بۆ شمەکە نوێیەکان.
٦- نەخشەسازی و جێبەجێکردنی هەموو جۆرەکانی ئەزموونە مەیدانیەکان، سەرەڕای تێبینی کردن و شیکارکردنی ریتمە ڕەفتاریەکان بۆ نموونەکانی سوودمەندبووەکان لە بازاڕدا.
٧- چاککردنی شمەکە هەنوکەییەکان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو شمەکانەی کە وایان لێهاتووە نا بنچینەین یان قەبوڵکراو نین لای بەکاربەر.
٨- دانانی هەموو سیاسەتەکان کە پەیوەستن بە دیاریکردنی ناوی مارکە و هەموو گرەنتیەکان و خزمەتگوزاریەکان کە پێویستە پێشکەش بکرێن لەگەڵ شمەکەکە/ خزمەتگوزاریەکەدا.
٩- شیکار کردنی نرخەکانی ململانێکارەکان و، پەرەپێدانی سیاسەتە گونجاوەکان بۆ نرخدانان.
١٠- شیکارکردنی هەموو جۆرەکانی دەرچەکانی دابەشکردن و هەڵبژاردنی هەرە گونجاوەکان.
١١- پەرەپێدان و جێبەجێ کردنی باشترین لێپێچینەوەکان بۆ پێ سپاردنەکان و گواستنەوە و عەمارکردنی شمەکەکان کە دروست دەکرێن و چاودێری کردنی.
١٢- دیاریکردنی ئامانجەکانی بازاڕگەرمکردن و ئامرازەکانی کە دەکرێت بەکاربهێنرێن و پێوانەکردنی ڕادەی کاراییەکەی.
١٣- گەڕان بەدوای کەسانی فرۆشتن و ئەوانەی شارەزا و لێزانن و هەڵبژاردنیان و بەردەوام پەرەپێدانیان و هاندانیان.
١٤- دیاریکردنی جۆرەکان و ناوەڕۆکی هەموو جۆرەکانی ئامرازەکانی چالاککردنی فرۆشتنەکان.

 

بنەما نوێکانی کارگێڕیی (تیۆرەکان-پرۆسە کارگێریەکان- ئەرک و کارەکانی رێکخراو).

نوسینی: دکتۆر حسێن حریم
وەرگێرانی: محمد چیا

قەیران بگۆڕە بە سەیران

جووتیارێک زەوییەکی کڕی و هەموو هیواو ئاواتێکی خۆی پێوە گرێدانی بوو، دوای واژووکردنی گرێبەستەکە، خێراو بەپەلە بەوپەڕی دڵخۆشییەوە، چوو بۆ بینینی زەوییەکەی، بەڵام کاتێک چاوی پێ کەوت، تووشی سەرسوڕمانێکی چاوەڕواننەکراو بوو! زەوییەکی وشک و ڕەقەڵان، نە بە کەڵکی کشتوکاڵ دێت، نە بۆ ئاودێری و جووتیاری دەست دەدات. هاوکات پڕبوو لە ماری ژەهراوی بەشێوەیەک کە قەڵاچۆ نەدەکرا! کابرای جووتیار بە هێمنی دەستی کرد بە بیرکردنەوەو وردبوونەوە لەم ڕووداوە، دواتر خۆی لە بەرامبەر دوو ڕیانی چارەسەرێکدا بینییەوە، یان دەبێت تەسلیم بەم بارودۆخە بێت و بەدەست ئازار و خەفەتی ئەم شکستەوە بتلێتەوە، تا عەقڵی لە دەست دەدات، یان دەبێت ئاڕاستەی بیروبۆچوونی بەرەو گۆشەیەکی تر بگۆڕێت!
ئەمیش ڕێگەی دووەمی هەڵبژارد!
پاش بیرکردنەوەو تێڕامانێکی کەم، بیرۆکەیەکی سەیری لەخەیاڵدا هات: بڕیاری دا، کە ئەو کێڵگەیە بکات بە شوێنی پەروەردەکردنی مارو سوود لە ژەهر و چەرمەکەی وەربگرێت، دەستی بە پرۆژەکەی کرد و بۆ فرۆشتنی ژەهری مارەکان پەیوەندی بە کارگە پزیشکییەکانەوە کرد و چەرمی مارەکانیشی بە کارگەکانی دروستکردنی پێڵاوو جانتا دەفرۆشت، وێڕای ئەوەی کە کێڵگەی کردبووە باخچەیەک، بۆ ئەوەی گەشتیاران بێن، بۆ تەماشاکردنی، بەم کارەش قازانجێکی زۆری کرد و پاش ماوەیەک بوو بە گەورەترین دەوڵەمەندی ناوچەکە!
لەم چیرۆکەوە فێر دەبین:
١. پێویستە هەردەم بەرامبەر بە کێشەو قەیرانەکان، وەکوو بزمارێکی پۆڵایین بین، لێدان زیاتر پتەومان بکات.
٢. دەتوانین ئەگەر بە عەزیمەت و بیری وردەوە بیر بکەینەوە، بەسەر هەموو گرفتەکانماندا زاڵ بین و خاڵە نێگەتیڤەکان سەرەو خوار هەڵگێڕینەوە!
٣. بە تێگەیشتن و بیرکردنەوە ئازار دەگۆڕین بە خۆشی و گریان بە پێکەنین و شادی.
٤. هیچ کاتێک سەرکەوتن بە ڕێکەوت نەهاتۆتە پێش، بەڵکوو بەرهەمی ماندووبوون و هەوڵدان و تێکۆشان بووە.
٥. مرۆڤی ژیر، سوود لە ژەهری ماریش وەردەگرێت و لە تاڵ، شیرین دروست دەکات.
٦. مرۆڤە بە تواناکان، لەو بەردانەی تێیان دەگیرێت، لەو کۆسپانەی دێنە بەردەمیان، پردێک بەرەو سەرکەوتن دروست دەکەن و دەیکەنە ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە لوتکەو هەرگیز دەستەوەستان ناوەستن.
٧. با هەرگیز خۆمان تەسلیمی بارودۆخ و واقیع نەکەین، نەڵێین هیچمان پێ ناکرێت، یاخود چارەسەر مەحاڵە، هیچ شتێک بەرامبەر ویست و توانای مرۆڤ مەحاڵ نییە، تەماشا بکەن، چۆن خاوەن کێڵگە ئەگەر تەسلیم بووایە، ئەوا وێڕای ژیانی زۆری ماددی، تەندروستی خۆشی لەدەست دەدا، بەڵام بە پێچەوانەوە وێڕای سوودێکی ماددیی زۆر ، سەرکەوتنێکی بێوێنەی بەدەست هێنا!

 

سەرچاوە: کتێبی (کارگێری بەچیرۆک)

نوسینی : د.عادل شێخانی

هۆیەکانی سەرهەڵدانی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان


هۆی سەرهەڵدانی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان دەگەڕێتەوە بۆ بەرفراوانی و گەشەسەندنی پیشەسازی کە لە سەردەمی نوێدا ڕوویدا، ئەمە بووە مایەی سەرهەڵدانی رێکخراوە جیهانییەکان، و ئینجا گیروگرفت و ناکۆکی سەری هەڵدا لەنێوان کارگێڕی و سەرچاوە مرۆییەکان. کارگێڕی هەوڵی داوە شێوازی ڕووبەڕوو بوونەوە بەکاربهێنێت بۆ چارەسەری گرفتەکە، بەڵام ئەمە نەیتوانی رێگە بگرێت لە سەرهەڵدانی کارگێڕییەکی تایبەت بە سەرچاوە مرۆییەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی.

هەروەها بەرفراوان بوون و زیادبوونی دەرفەتی خوێندن و ڕۆشنبیری گشتی سەرچاوە مرۆییەکان، بووە مایەی زیادبوونی هۆشمەندی دەستی کار، و ئیتر پێویست بوو خەڵکانێک هەبن کە پسپۆر بن لە بەڕێوبەرایەتی سەرچاوە مرۆییەکان و دۆزینەوەی ئامرازی نوێ بۆ کارکردن لەگەڵ ئەم جۆرە سەرچاوە مرۆییە.

هۆیەکی تریش بریتی بوو لە زیادبوونی دەستێوەردانی حکومەت لە پەیوەندییەکانی نێوان کرێکار و خاوەنکار لەڕێی دەرکردنی هەندێک یاساوە بۆ ئەوەی دەستگاکان ڕووبەڕووی گرفت نەبنەوە لەگەڵ حکومەت چونکە نەیاندەویست پابەند بن بەم یاسایانەوە. هەروەها سەرهەڵدانی سەندیکا و ئەو رێکخراوە جبهانییانەی بەرگری لە سەرچاوە مرۆییەکان دەکەن هۆیەکی تر بوو.بەم شێوەیە، دەبوو کارگێڕییەکی تایبەت هەبێت بۆ دروستکردنی کەشی هاوکاریی کارا لە نێوان کارگێڕی و رێکخراوە جیهانییەکان، و داڕشتنی سیاسەتی نوێ بۆ ئەم پەیوەندییانە. دواجار، سەرهەڵدانی یاسا و ڕێسای تایبەت و گرنگ سەبارەت بە میدیا و رێکخراوە ناوخۆییەکان و بایەخی بەشداریکردن و ڕاوێژ هەندێک لەو هۆیانەن کە بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە مرۆییەکان سەری هەڵدا.

هەروەها بۆ ڕێکخستنی کار لە دووتوێی دەستگاکان بەمەبەستی زیادکردنی کارایی دەستگاکان و پتەوکردنی شەفافییەت و زیاترکردنی هەستی ئیتیما لەلای کارمەندەکان بەشێوەیەک کە مافەکانیان پارێزراو بێت و پابەندێتییەکانی دەستگا قازانج نەویستەکان بێتەدی.

 

– سەرچاوە: بەرێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان

نوسینی: د.سەعد حسێن فتح الله

گرنگی کارگێری سەرچاوە مرۆییەکان


کارگێری سەرچاوەی مرۆیی گرنگیەکی زۆری هەیە لە رێکخراوەکاندا، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خاڵانە:

١. پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە سەرچاوە مرۆییەکانەوە (تاکەکان) کە یەکێکە لە گرنگترین پێکهاتەکانی بەرهەمهێنان و هەروەها هۆکاری داهێنان و پێشکەوتن و تازەگەری و بنیاتنان و…هتد.

٢– سەرچاوە مرۆییەکان وەک لایەنێکی گرنگ و راستەوخۆ کاریگەریان هەیە لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان.

٣– گەورەبوونی قەبارەی ڕێکخراوەکان، واتە زیادبوونی ژمارەی تاکەکان، گومانی تێدا نیە هەرچەند ژمارەی تاکەکان زیاد بکات، لەگەڵیدا کێشە و گرفتی تاکەکانیش ڕوو لە زیاد بوون دەکات، جا لەبەر ئەوە ڕێکخراوەکان پێویستیان بە کارگێرییەکی پسپۆڕ هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی تاکەکان و بەدەمەوەچوونیان.

٤– بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری تاکەکان لە ڕێکخراودا، واتە زیادبوونی حەز و ئارەزوو و هیواو ئاواتیان بۆ باشترکردنی بارودۆخ و گوزەرانی تا بەتایبەتی لەم سەردەمەدا، کە ئەمەش وایکرد ڕێکخراوەکان گرنگیەکی زیاتر بدەن بە کارگێریی سەرچاوەی مرۆیی، چونکە هەڵدەستێت بە لێکۆڵینەوە لە هەڵسوکەوتی تاکەکان و داڕشتنی بنەما و سیاسەتی گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.

٥– بەهۆی دەرکەوتنی سەندیکای کرێکاران، کارگێری سەرچاوەی مرۆیی گرنگییەکی زیاتری پێدرا لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کەوا گرنگی بە کاروباری تاکەکان دەدات، و پسپۆڕە لەو بوارەدا، جا بۆیە وەک نوێنەری ڕێکخراو هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ سەندیکای کرێکاران بەمەبەستی زیاتر لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی کردن لەگەڵیاندا لەپێناو بەدەست هێنانی مافی تاکەکان و دوورخستنەوەی ڕێکخراو لە سزادان.

٦– پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان لەنێوان کارمەندان دا و هەروەها لەگەڵ بەڕێوبەرەکانیان، لەگەڵ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە نێوانیاندا ڕوودەدات، تاوەکو بەیەکەوە بتوانن وەک یەک تیم کاربکەن لەپێناو هێنانەدی ئامانجەکانی ڕێکخراو.

٧– ڕێکخراوەکان کاریگەر دەبن بەو ڕێسا و یاسایانەی، کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەردەچێت، سەبارەت بە ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان ڕێکخراو و تاکەکان. جا ئەو بنەما و یاسا و ڕێسایانە و چۆنیەتی جێبەجێ کردنیان بێگومان پێویستی بە تێگەیشتنێکی تەواو تەندروست هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێکخراوەکان پشت بە کارگێری سەرچاوەی مرۆیی دەبەستن.

٨– یەکێک لە گرنگترین ئەو ئەرکانەی کە کارگێری سەرچاوەی مرۆیی پێی هەڵدەستێت بریتییە لە بنەمای (دانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو)، کە هۆکاری مانەوە و بەردەوامبوونی هەموو ڕێکخراوێکە.

٩– سەرچاوە مرۆییەکان گرنگی و بایەخەکانیان هاوشانی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیای سەردەمە چونکە کاریگەرییەکی کارایی هەیە لەسەر ئابووری ووڵات لە گشت قۆناغەکانی گەشەکردن و بەرەوپێشچوون وە هۆکاری دواکەوتووییە لە هەندێک لە ووڵاتانی نوستوو وە هۆکارێک بۆ بەرەوپێشچوونی ووڵاتە تازە پێگەیشتوو کات.

١٠- ستراتیژییەتی سەرچاوە مرۆییەکان گرنگە بۆ سەرکەوتنی دەزگا و ڕێکخراوەکان لە هەر کەرتێکدا وەک کەرتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەکنەلۆژی و….هتد ، وە لەوانەیە ئەستەم بێت سوود وەرگرتن لە سەرچاوە مرۆییەکان گەر بێتو رێکخراوەکە لەکاتی هەڵبژاردن و دامەزراندنی کەسەکان تەرکیزی نەکردبێتەوە سەر تاکەکان بەپێی شارەزایی و توانا و پسپۆری سەرچاوە مرۆییەکان.

 

– سەرچاوە: کارگێڕی سەرچاوە مرۆییەکان      نوسینی: عبداللە فایەق نارینی 

– کارگێری سەرچاوە مرۆییەکان .                 نوسینی: د.سامی صابر عبدالله، نیهایەت سعدی رحمان ، هۆگری محمد عوڵا

 

هونەری بەرێوەبردنی کات

مەبەست لە بەڕێوەبردنى کات چیە؟؟
ڕێگایەکە یاخود شێوازێکە لە دامەزراندنى مرۆڤ بە ئەوپەڕى سوود وەرگرتن لە کاتەکانى بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانى و دروستکردنى هاوسەنگیەک لە نێوان ئەرک و ئامانج و ئارەزووەکان و ژیان.

سوود وەرگرتن لە کات ئەو سنوورە جیاکارەیە لە نێوان کەسانى سەرکەوتوو و کەسانى شکست خواردوو (سەرنەکەوتوو) لە ژیاندا هەیە.

بەڕێوەبردنى کات بەر لە هەموو شتێک پێویستى بە ئامانج و ڕێنمایی هەیە، تاکەکەس ناتوانێت خۆى بەڕێوەببات و کاتەکانى ڕێک بخات بە بێ بوونى ئامانج لە ژیاندا، لەبەرئەوەى ژیانى تاکەکان بە زۆر ڕووکاردا دەبێتە هۆى پەرتەوازەبونى ژیان و نەگەیشتن و بە بەدەست نەهێنانى هەر شتێک لە ژیاندا لە ئاکامى لاوازى و سستى و تیشک نەخستنە سەر ئامانجە دیاریکراوەکان ، ئەوەى داواکراوە لێت پێش جێبەجێکردنى ئەم بابەتە دانانى ئامانجە لە ژیاندا؟؟و دەتەوێت بە چى بگەیت؟ و بە واتایەکى تر ئەو دەستکەوتە دیاریکراوانە چین کە دەتەوێت بە دەستیان بێنى ، و دەتەوێت پسپۆرى و کارامەییت لە چیدا بێت؟ ئەوەت لە بیر نەچێت لەم سەردەمەدا ژیرى قبوڵى ناکات بە پەرتەوازە بوونى هزر بە چەند ئاراستەیەکدا هەر لەم ڕوانگەیەوە پێویستە لەسەرت بیر بکەیتەوە لەم پرسیارانە و وەڵامیان بدەیتەوە و پلانى ژیانت دابنێی و دواتر کاتەکانت ڕێک بخەیت.

هەنگاوەکانى ڕێکخستنى کات:-
لەم قۆناغەدا پێویستی بە توانین و گۆڕانکارى و جێبەجێکردنە ، لەبەر ئەوەى پێویستە لەسەر هەموو کەسێک بە دانانى ڕێگەیەکى چاک و گونجاو و ماوەیەکیش بۆ ڕێکخستنى کاتە گرنگەکانى و بونیات نانى پرەنسیپێکى گشتگیر لە ڕێکخستنى کاتەکانت.
• بیرکردنەوە لە ئامانجەکانت .
• سەیرى ڕۆلى خۆت بکە لە نێوان دەوروبەرەکەت کە بریتین لە : دایک – باوک – خوشک- برا- و هەروەها فەرمانبەر و بەڕێوەبەر.
• بۆ هەر ڕۆڵێک ئامانجێک دابنێ :- پابەندبوون بە دانانى ئامانجێکى دیاریکراو لە هەر ڕۆڵێکدا چونکە بەشێک لەو ڕۆڵانە پێویستیان پێی نییە.
• ڕێکی بخە: لێرەدا پێویستیمان بە دانانى نەخشەیەک هەیە لە گەڵ دانانى ئامانجە گرنگەکان بە پلەى یەکەم و بە ئامانجى گەشەپێدانى خود لە ماوەى ئەم خوێندنەوانە ،ئامانجى خێزانى و دەرچوون بۆ گەشت و بەشداربوون لە کۆبوونەوەى خێزانى و نیگار کێشان و کارو کارکردن لە پلانى بازاڕدا بە نموونە : ئامانجت چیە لە پەیوەندییەکان لە گەڵ هاوکاران و هاوڕێیانت؟.
• جێبەجێیان بکە : هەوڵدان بۆ پابەندبوون بە دانانى ئامانجى هەفتانە و دیاریکردنى کاتى جێبەجێکردنى ڕەنگە هەڵێکت بۆ بڕەخسێنێت هەرگیز بیرت بۆى نەچووبێت یا بیرت لێی نەکردبێتەوە لە ساتە وەختەکانى پلان دانان، بە کاریان بهێنە و سڵ مەکەوە لە تەواو جێبەجێ نەکردنى خشتەکەت بە تەواوەتى.
• لە کۆتای هەفتەدا هەڵسەنگاندنى خود و تەماشاکردنى لایەنى کەم و کورتیەکان و چارەکردنیان .

بەربەستەکانى ڕێکخستنى کات:-
لەمپەرەکانى ڕێکخستنى کات زۆرە ، هەروەها گرنگترین لەو ڕێگرانە دەست بەرداربوون یاخود وازهێنان لە تواناکانت وەک لەم چەند خاڵەى خوارەوە دەردەکەوێت:-
• نەبوونى ئامانج و پلان.
• تەمەڵى و دواخستن خراپترین ڕێگرە لە ڕێکخستنى کاتەکانت ، و وازهێنانت پشت کردنە لە تواناکانت.
• تەواو نەکردنى کارو چالاکى و بەردەوام نەبوون لە ڕێکخستن ، ئەمەشدەرەنجامى تەمەڵى و بیرکردنەوەى سلبی لە ڕێکخستن.
• لە بیرکردنى ئەوەى کە ڕوویداوە لە بەرئەوەى تاک ناتوانێت یا نایەوێت بینوسێتەوە و زۆرێک لە ئەرکەکانى لە دەست دەچێت.
• بە هەڵە تێگەیشتن لە کەسانى تر دەبێتە هۆى دروست بوونى گرفت و بە فیڕۆدانى کاتەکانت.

چۆن کاتەکانت بە کار دەهێنى بە چالاکیانە؟
لێرەدا زۆر پێشنیار هەیە بۆ زیادکردنى چالاکیەکانت لە بەکارهێنانى کاتەکانت ، هەوڵبدە جێبەجێیان بکەیت:-
• تەماشاى داب و نەریتە کۆنەکان و ئەندێشەکانت بکە کە بوونەتە هۆى بە فیرۆدانى کاتت.
• گەشبینى و دروست بیرکردنەوە.
• پەشیمان مەبە لە دانانى ئەو کاتانەى کە شکستت هێناوە.
• ئامانج و پلانەکانت بخوێنەوە لە هەر دەرفەتێکى ڕۆژانە.
• ڕاڕا مەبە لە نەتوانینى جێبەجێکردنى پلانەکەت بە تەواوەتى.

• پرسیارکردن لە خۆت بە بەردەوامى کە چۆن ئەتوانم کاتەکانم بە کاربهێنم؟

سەرەڕاى بوونى ئەم چەند خاڵانەى سەرەوە پێویستە لەسەر هەر یەکێکمان کاتەکانمان تەرخان بکەین بە سێ بەشى سەرەکى بۆ (خود – خێزان – کار) و دابەشکردنى کاتەکانمان بۆ ئەم بنەمایانە گرنگن چونکە ناتوانین دەست بەرداریان بین ….

 

 

وەرگیراوە: لەفیس یەک پەیجی “گەشەپێدانی تواناکانی مرۆیی”