قەیران بگۆڕە بە سەیران

جووتیارێک زەوییەکی کڕی و هەموو هیواو ئاواتێکی خۆی پێوە گرێدانی بوو، دوای واژووکردنی گرێبەستەکە، خێراو بەپەلە بەوپەڕی دڵخۆشییەوە، چوو بۆ بینینی زەوییەکەی، بەڵام کاتێک چاوی پێ کەوت، تووشی سەرسوڕمانێکی چاوەڕواننەکراو بوو! زەوییەکی وشک و ڕەقەڵان، نە بە کەڵکی کشتوکاڵ دێت، نە بۆ ئاودێری و جووتیاری دەست دەدات. هاوکات پڕبوو لە ماری ژەهراوی بەشێوەیەک کە قەڵاچۆ نەدەکرا! کابرای جووتیار بە هێمنی دەستی کرد بە بیرکردنەوەو وردبوونەوە لەم ڕووداوە، دواتر خۆی لە بەرامبەر دوو ڕیانی چارەسەرێکدا بینییەوە، یان دەبێت تەسلیم بەم بارودۆخە بێت و بەدەست ئازار و خەفەتی ئەم شکستەوە بتلێتەوە، تا عەقڵی لە دەست دەدات، یان دەبێت ئاڕاستەی بیروبۆچوونی بەرەو گۆشەیەکی تر بگۆڕێت!
ئەمیش ڕێگەی دووەمی هەڵبژارد!
پاش بیرکردنەوەو تێڕامانێکی کەم، بیرۆکەیەکی سەیری لەخەیاڵدا هات: بڕیاری دا، کە ئەو کێڵگەیە بکات بە شوێنی پەروەردەکردنی مارو سوود لە ژەهر و چەرمەکەی وەربگرێت، دەستی بە پرۆژەکەی کرد و بۆ فرۆشتنی ژەهری مارەکان پەیوەندی بە کارگە پزیشکییەکانەوە کرد و چەرمی مارەکانیشی بە کارگەکانی دروستکردنی پێڵاوو جانتا دەفرۆشت، وێڕای ئەوەی کە کێڵگەی کردبووە باخچەیەک، بۆ ئەوەی گەشتیاران بێن، بۆ تەماشاکردنی، بەم کارەش قازانجێکی زۆری کرد و پاش ماوەیەک بوو بە گەورەترین دەوڵەمەندی ناوچەکە!
لەم چیرۆکەوە فێر دەبین:
١. پێویستە هەردەم بەرامبەر بە کێشەو قەیرانەکان، وەکوو بزمارێکی پۆڵایین بین، لێدان زیاتر پتەومان بکات.
٢. دەتوانین ئەگەر بە عەزیمەت و بیری وردەوە بیر بکەینەوە، بەسەر هەموو گرفتەکانماندا زاڵ بین و خاڵە نێگەتیڤەکان سەرەو خوار هەڵگێڕینەوە!
٣. بە تێگەیشتن و بیرکردنەوە ئازار دەگۆڕین بە خۆشی و گریان بە پێکەنین و شادی.
٤. هیچ کاتێک سەرکەوتن بە ڕێکەوت نەهاتۆتە پێش، بەڵکوو بەرهەمی ماندووبوون و هەوڵدان و تێکۆشان بووە.
٥. مرۆڤی ژیر، سوود لە ژەهری ماریش وەردەگرێت و لە تاڵ، شیرین دروست دەکات.
٦. مرۆڤە بە تواناکان، لەو بەردانەی تێیان دەگیرێت، لەو کۆسپانەی دێنە بەردەمیان، پردێک بەرەو سەرکەوتن دروست دەکەن و دەیکەنە ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە لوتکەو هەرگیز دەستەوەستان ناوەستن.
٧. با هەرگیز خۆمان تەسلیمی بارودۆخ و واقیع نەکەین، نەڵێین هیچمان پێ ناکرێت، یاخود چارەسەر مەحاڵە، هیچ شتێک بەرامبەر ویست و توانای مرۆڤ مەحاڵ نییە، تەماشا بکەن، چۆن خاوەن کێڵگە ئەگەر تەسلیم بووایە، ئەوا وێڕای ژیانی زۆری ماددی، تەندروستی خۆشی لەدەست دەدا، بەڵام بە پێچەوانەوە وێڕای سوودێکی ماددیی زۆر ، سەرکەوتنێکی بێوێنەی بەدەست هێنا!

 

سەرچاوە: کتێبی (کارگێری بەچیرۆک)

نوسینی : د.عادل شێخانی