وتاری بەرێوەبەر

بەڕێوەبەر داوای لە یەکێک لە کارمەندەکانی کرد، وتارێکی بۆ بنووسێت، بۆ ئەوەی لە ئاهەنگێکدا بیخوێنێتەوە، کە کۆمپانیاکەیان پێی هەڵدەستێت، داواشی لێکرد کە ماوەی وتارەکەی لە (٢٠) خولەک زیاتر نەبێت، بۆ ئەوەی ئامادەبووان لە درێژەی وتارەکە بێزار نەبن.
کارمەندەکە فەرمانی بەرێوبەرەکەی جێبەجێ کرد و وتارەکەی بە ئامادەکراوی دایە دەستی
دوای تەواوبوونی ئاهەنگەکە ، بەڕێوبەر بە توڕەیی و نیگەرانییەوە گەڕایەوە کۆمپانیا و پەڕەکانی وتارەکەی بە توندی لەسەر مێزی کارمەندەکە فڕێدا و پێی گوت: پێم نەگوتیت با وتارەکە لە (٢٠) خولەک زیاتر نەبێت بۆچی وتارێکت بۆ نوسیوم، کە نزیکەی کاتژمێرێک بوو؟ چۆن شەرمەزارت کردم بەرامبەڕ میوانەکان، بەشێوەیەک کە لە بێزاریدا پێش تەواوبوونی وتارەکە هۆڵەکەیان بەجێهێشت.
کارمەندەکە تەماشای پەڕەکانی بەردەمی کرد و وتی: گوناه گوناهی منە، ڕاستەکەی چونکە من (٢) جار وتارەکەم بۆ چاپ کردبوویت، لەترسی ئەوەی نەوەک یەکێکیان بزربێت، وادیارە بەڕێزتان هەردووکیتان خوێندۆتەوە.

لەم چیرۆکەوە فێر دەبین:
١- زۆر کەسی نەزان و نەفام هەن، لە پۆستی کارگێڕی بەرزدان، بەڵام هیچ زانست و ماریفەتێکیان نییە، تەنها دەسەڵات و پارە و پول ئەو پۆستەی پێبەخشیون.
٢- زۆرن ئەو بەڕێوبەرانەی کە نەک نازانن وتارێکی جوان ئامادە بکەن ، بەڵکو ناتوانن بەجوانی بیخوێننەوە.
٣- کۆڕ و کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکان توانای زانستی و ڕۆشنبیری بەڕێوەبەر و خاوەن پۆستەکان دەخەنە بەرامبەر خەڵک و ڕووی شاراوەیان هەڵدەماڵن