گرنگی کارگێری سەرچاوە مرۆییەکان


کارگێری سەرچاوەی مرۆیی گرنگیەکی زۆری هەیە لە رێکخراوەکاندا، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خاڵانە:

١. پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە سەرچاوە مرۆییەکانەوە (تاکەکان) کە یەکێکە لە گرنگترین پێکهاتەکانی بەرهەمهێنان و هەروەها هۆکاری داهێنان و پێشکەوتن و تازەگەری و بنیاتنان و…هتد.

٢– سەرچاوە مرۆییەکان وەک لایەنێکی گرنگ و راستەوخۆ کاریگەریان هەیە لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان.

٣– گەورەبوونی قەبارەی ڕێکخراوەکان، واتە زیادبوونی ژمارەی تاکەکان، گومانی تێدا نیە هەرچەند ژمارەی تاکەکان زیاد بکات، لەگەڵیدا کێشە و گرفتی تاکەکانیش ڕوو لە زیاد بوون دەکات، جا لەبەر ئەوە ڕێکخراوەکان پێویستیان بە کارگێرییەکی پسپۆڕ هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی تاکەکان و بەدەمەوەچوونیان.

٤– بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری تاکەکان لە ڕێکخراودا، واتە زیادبوونی حەز و ئارەزوو و هیواو ئاواتیان بۆ باشترکردنی بارودۆخ و گوزەرانی تا بەتایبەتی لەم سەردەمەدا، کە ئەمەش وایکرد ڕێکخراوەکان گرنگیەکی زیاتر بدەن بە کارگێریی سەرچاوەی مرۆیی، چونکە هەڵدەستێت بە لێکۆڵینەوە لە هەڵسوکەوتی تاکەکان و داڕشتنی بنەما و سیاسەتی گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.

٥– بەهۆی دەرکەوتنی سەندیکای کرێکاران، کارگێری سەرچاوەی مرۆیی گرنگییەکی زیاتری پێدرا لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کەوا گرنگی بە کاروباری تاکەکان دەدات، و پسپۆڕە لەو بوارەدا، جا بۆیە وەک نوێنەری ڕێکخراو هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ سەندیکای کرێکاران بەمەبەستی زیاتر لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی کردن لەگەڵیاندا لەپێناو بەدەست هێنانی مافی تاکەکان و دوورخستنەوەی ڕێکخراو لە سزادان.

٦– پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان لەنێوان کارمەندان دا و هەروەها لەگەڵ بەڕێوبەرەکانیان، لەگەڵ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە نێوانیاندا ڕوودەدات، تاوەکو بەیەکەوە بتوانن وەک یەک تیم کاربکەن لەپێناو هێنانەدی ئامانجەکانی ڕێکخراو.

٧– ڕێکخراوەکان کاریگەر دەبن بەو ڕێسا و یاسایانەی، کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەردەچێت، سەبارەت بە ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان ڕێکخراو و تاکەکان. جا ئەو بنەما و یاسا و ڕێسایانە و چۆنیەتی جێبەجێ کردنیان بێگومان پێویستی بە تێگەیشتنێکی تەواو تەندروست هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێکخراوەکان پشت بە کارگێری سەرچاوەی مرۆیی دەبەستن.

٨– یەکێک لە گرنگترین ئەو ئەرکانەی کە کارگێری سەرچاوەی مرۆیی پێی هەڵدەستێت بریتییە لە بنەمای (دانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو)، کە هۆکاری مانەوە و بەردەوامبوونی هەموو ڕێکخراوێکە.

٩– سەرچاوە مرۆییەکان گرنگی و بایەخەکانیان هاوشانی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیای سەردەمە چونکە کاریگەرییەکی کارایی هەیە لەسەر ئابووری ووڵات لە گشت قۆناغەکانی گەشەکردن و بەرەوپێشچوون وە هۆکاری دواکەوتووییە لە هەندێک لە ووڵاتانی نوستوو وە هۆکارێک بۆ بەرەوپێشچوونی ووڵاتە تازە پێگەیشتوو کات.

١٠- ستراتیژییەتی سەرچاوە مرۆییەکان گرنگە بۆ سەرکەوتنی دەزگا و ڕێکخراوەکان لە هەر کەرتێکدا وەک کەرتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەکنەلۆژی و….هتد ، وە لەوانەیە ئەستەم بێت سوود وەرگرتن لە سەرچاوە مرۆییەکان گەر بێتو رێکخراوەکە لەکاتی هەڵبژاردن و دامەزراندنی کەسەکان تەرکیزی نەکردبێتەوە سەر تاکەکان بەپێی شارەزایی و توانا و پسپۆری سەرچاوە مرۆییەکان.

 

– سەرچاوە: کارگێڕی سەرچاوە مرۆییەکان      نوسینی: عبداللە فایەق نارینی 

– کارگێری سەرچاوە مرۆییەکان .                 نوسینی: د.سامی صابر عبدالله، نیهایەت سعدی رحمان ، هۆگری محمد عوڵا