ئــاستەکــانی کــارگێری

ئاســتەکانی کــارگێری
بەهۆی زۆری ژمارەی تاکەکان و فراوانی و گەورەیی قەبارەی رێکخراوەکان چەندین ئاستی کارگێڕیی دیاریکراون لەکاتی دانانی هەیکەلە ڕێکخستنەکان، کە بەشێوەیەکی گشتی، دەتوانین بۆ (سێ) ئاستی سەرەکی پۆلێنیان بکەین:

١- بەڕێوەبەری ئاستی باڵا:
ئەو بەڕێوەبەرانەن کە لە ڕێکخراوەکان لە ئاستی باڵا، یان بەرزدان، کە زۆربەی کات نازناوی وەزیفیان بریتی یە لە: (Chief Executive Officer), (CEO) کە دەکرێ پۆلێنیان بکەین بۆ: سەڕۆک، بەڕیوەبەری گشتی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری، جێگیری سەڕۆک، کە ئەمانەش بەرپرسن لە ئاست ئەو هەڵسوکەوت و چالاکیانەی، کە ڕێکخراوەکان نیشانی دەدەن، لە هەمان کاتدا زۆر گرنگی بە ژینگەی دەرەوەی رێکخراو دەدەن، لەدوای هەلی باش دەگەڕێن، کە دەبێتە هۆی گەشەسەندن و پێشکەتنی ڕێکخراوەکانیان، لە رێگای دیاریکردنی ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەکانیان و، دانانی سراتیجیەتی پێویست و چاودێری و لێکۆڵینەوە لە ژینگە و بازاڕی دەرەکی و دەرکردنی بڕیار و فەرمانی تایبەت، کە کاریگەری لەسەر دواڕۆژی رێکخراوەکەیان دەبێت.

٢- بەڕێوەبەرانی ئاستی ناوەند:
ئەو بەڕێوەبەرانەن کە بەرپرسیارن لەسەر جێبەجێ کردنی ئەو ستراتیجیانەی کە بۆیان دانراوە لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئاستی باڵا، کە ئەمانەش پۆستی بەرزیان هەیە لە ڕێکخراوەکاندا، وەکو: سەرۆکی بەشە گەورەکان، یان بەڕێوبەرایەتیە سەرەکییەکان، ڕاگری کۆلێژەکان لە زانکۆکان،سەرۆکایەتی بەشە جۆراوجۆرەکان لە نەخۆشخانە و کۆمپانیا و کارگەکان، لێپرسراوی یەکە گەورەکان ، لە کۆمپانیا بازرگانی و پیشەسازییەکان، وەکو: بەڕێوەبەری بەشی چاودێری لەسەر کوالێتی، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەو توێژینەوەو…هتد.
بوونی ئەم بەڕێوەبەرانەش لە رێکخراوەکان، گرنگی خۆیان هەیە بەهۆی ئەوەی، کە بریتین لە: پردێکی پەڕینەوە لە نێوان بەڕێوەبەرانی ئاستی باڵا و بەرێوەبەرانی ئاستی خواروو، لەهەمان کاتدا، هەڵدەستن بە ئاڕاستەکردن و سەرکردایەتی کردنی تیمەکانی کارکردن و بەڕێوەبردنی پرۆژەکان.

٣بەڕێوەبەرانیئاستیخواروو(سەرپەرشتیاری):
بریتین لەو بەڕێوەبەرانەی، کە بەرپرسیارن لەسەر ئاڕاستەکردن و هەماهەنگی کردنی کار و چالاکییەکانی نێوان تاکەکان، کە هەڵدەستن بە ئەنجامدانی چالاکییەکانی بەرهەمهێنان، یان پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری.
ئەم بەڕێوەبەرانەش دەکرێ پۆلین بکرێن بۆ: سەرۆکی بەش، سەرپەشتیار، بەرپرسی هۆبە، بەڕێوەبەری نووسینگە و …هتد، کە لەژێر دەستی ئەم بەرێوبەرانەش، ژمێریاران و ئەندازیاران و فەرمانبەرانی کارگێڕیی و نووسینگەکان کار دەکەن، بەگوێرەی سروشت چالاکی بەش و رێکخراوەکەیان.
هەر بەڕێوەبەرێک لەهەر ئاستێک لەم ئاستانەی سەرەوەدا، هەڵدەستێ بە ئەنجامدانی وەزیفەکانی بەرێوەبردن، بەڵام گرنگی هەریەک لەو وەزیفانە لە ئاستێکەوە بۆ ئاستێکی تر دەگۆڕێ، بەگوێرەی ئاست و ئەو توانا و هێزە و دەسەڵاتەی کە بەڕێوەبەر هەیەتی.
ئەگەر بەوردی لێی تێڕوانین، دەبینین: بەڕێوەبەرانی ئاستی باڵا زیاتر گرنگی بە وەزیفەکانی پلان دانان و سەرکردایەتی کردن دەدەن و بەڕێوەبەرانی ئاستی خواروو، گرنگی بە وەزیفەکانی ئاڕاستەکردن و چاودێری کردن دەدەن، بەڵام بەڕێوەبەرانی ئاستی ناوەند، گرنگی بە هەرچوار وەزیفەکە دەدەن، بەڵام بەڕێژەو ئاستی جیاواز.
دەبێ ئەوەش ڕەچاو بکەین، کە پێویستە هەماهەنگی و هاریکاری هەبێت، لەنێوان هەرسێ ئاستەکانی کارگێری، چونکە ئەمانە تەواوکەری یەکترین و لەم ڕێگایانەوە ڕێکخراوەکان ئامانجەکانیان بەدەست دەخەن.

سەرچاوە

ــ بنەماکانی کارگێری کار
نووسینی: زانا مجید صادق