پلانی ستراتیژی گەشتياری

پلانی ستراتیژی گەشتياری ڕۆڵێکی مەزن دەگێڕێت لە رێکخستن و هەماهەنگی ئاراستە و چاودێری و بەدواداچوونى سەرجەم ئەم چالاكيانەى دەيگريتە خۆى, لێرەدا تيشك دەخەينە سەر پلانی ستراتیژی گەشتياری لە ڕووی گرنگی و پێويستی ئامانج و بوونييەوە.

پلانی ستراتیژی گەشتياری پلانێکی درێزخایەنە وەزارەتی گەشتوگوزار يان دەستە و بەرێوبەرايەتييە فەرمييەكانە دايدەرێزێت و, سەرنجی لەسەر چۆنيەتى گەيشتنە بە ئامانجی گشتگير و دوورمەوداى رێكخراو بە گشتى, بايەخ دەدات بە ئايندەى گەشتيارى ناوخۆى وڵات و سەرجەم ئامانجەكانى تايبەت بەمە دەستەبەر دەكات و, گەشەپێدانی گەشتياری لەسەرجەم لايەنەكانى لە ئەستۆ دەبێت.

گەشەپێدانی گەشتيارى پەيوەندييەكی توندوتۆڵی بە كەرتە ئابوورييەكانى ديكە هەيە و زەمانەتى هەماهەنگی کردنى نێوان كەرتى گەشتياری و سەرجەم كەرتەكانى دى دەكات, ئەمەش رێگا خۆشكەر دەبێت بۆ خستنەڕووی گرنگی پلانی ستراتیژی گەشتياری لەم چەند خاڵەى خوارەوە:

١- پتەوکردن و بەهێزکردنی بڕیاردانی گەشتیاری.

٢- کاراکردن و گەورەکردنی رۆڵی کارگێڕی لە مامەڵەکردن لەگەڵ سەرجەم لایەنە هونەرییەکانی. 

٣- رێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی کارگێری بۆ سەرچاوە بەردەستەکانی و تەوزیفکردنی بەشێوەیەکی دروست.

٤- کارکردن لەسەر هەماهەنگی کردنى بوارەکانی چالاکی و پابەندبوون بە ئامانجی داڕێژراو.

٥- دەستەبەرکردنی وتووێژی کارا و بنیاتنەر لەنێوان ئاستەکانی کارگێڕی.

٦- بەکارهێنانی پلانەکە بۆ سنووردار کردنی گرفتەکانی ژینگەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دۆزینەوەی چارەسەری پێویست لەکاتی روودانیدا.

٧- بۆ پەرەپێدانی ناوچە گەشتیارییە فەرامۆشکراوەکان یان ئەو شوێنانەی پلانی گونجاویان نییە بەکاردێت، لەپاڵ دروستکردنی ناوچەی گەشتیاری یان بازاڕی نوێ.

٨- دابینکردنی توانست و هێزی کاری راهێنراو لەوانەی لەنێو پرۆسەکانی گەشتیاری سوودیان لێ وەردەگیرێت.

لەپێناو داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی دروست، دەبێت توخم گەلێک هەبن وەک:

١- چوارچێوەی گشتی ستراتیژی گەشتياری کە سەرتاسەری وڵات بگرێتەوە.

٢- ناسین و دیراسەتکردنی ژینگە و هۆکارە دەورەدراوەکانی بە رێکوپێکی بەمەبەستی دۆزینەوەی خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی.

٣- دانانی ستراتیژی بەدیل و دیاریکردنی ئامانجەکانی بەگوێرەی توانای بەردەست.

٤- دانانی پڕۆگرامێکی زەمەنی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان و دیاریکردنی پرۆژە و دابەشکردنی ئامانجی گشتی یان ئامانجی درێژخایەن بۆ ئامانجی مامناوەند و کورتخایەن.

٥- دیاریکردنی بودجەی پێویست و هەڵسەنگاندنی ئەدا بەگوێرەی ئامانج و پلانی داڕێژراو و پێداچوونەوەو هەڵسەنگاندن و ڕاستکردنەوەی بارودۆخی ژینگەیی.

٦- تەرخانکردنی پێویستییەکانی رێکخستن.

٧- پلانی ستراتیژی بە گشتگیری و تەواوکاری دەناسرێتەوە، بەواتای ناسینی بارودۆخی ژینگەیی و دیاریکردنی کاریگەرییەکەی لەسەر رێکخستن، هەروەها دەبێت بە نەرمونیانی بناسرێتەوەو توانای گەنجانی هەبێت لەگەڵ سەرجەم تازەگەری و گۆڕانکارییەکان، لەڕێگەی گۆڕینی و تازەکردنەوەی ئامانج و پلانەکەی.

پێویستیە ئامانجی پلانی ستراتیژی گەشتياری بناسین، چونکە هەردووکیان (ئامانج و پلان) لێک جیاواز نین، ئامانجی سەرەکی هەر پلانێکی گەشتیاری بەرزکردنەوە و ناساندنی بەرهەمی گەشتیاری وڵاتە بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێویستییەکانی گەشتیاڕ، ئەمەش لەڕێگەی بایەخدانی کردەیی بە سەرجەم جۆرەکانی گەشتیاری.

ئامانجی پلانی ستراتیژی گەشتياری دەتوانین بەم جۆرەی خوارەوە دەستنیشان بکەین:

١- تەرخانکردنی ئامراز و خزمەتگوزاری بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری لەپێناو باشترکردنی ئەدا و بەرزکردنەوەی توانینی.

٢- کارکردن لەسەر دۆزینەوەی ناوچەی گەشتیاری نوێ.

٣- گەشەپێدانی چوارچێوەی دامەزراوەیی و هەیکەلی کەرتی گەشتیاری لەپێناو بەرەوپێشچوونی.

٤- بەشداریکردن لە بنیاتنانی هێزی کاری کارا و ڕاهێنراو و دامەزراندنیان بەگوێرەی پسپۆری کەرتەکە.

٥- هاندانی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت و قۆستنەوەی دەرفەتی وەبەرھێنانی بەردەست لەبواری گەشتیاری.

٦- بایەخدان بە پڕۆژەکانی وەبەرھێنانی نوێی گەشتياری لەپاڵ ڕەچاوکردنی تەواوکاری لەنێوان پڕۆژەی گەشتياری و ژینگەیی و پاراستنی سامانی سروشتی دەگمەن.

٧- دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی کە پاڵپشتی کەرتی تایبەت بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی دەوڵەت دەبنەوە لەم بوارەدا.

٨- بایەخدان بە وشیاری کۆمەڵگە بە گشتی و ڕوونکردنەوەی سوودەکانی گەشتیاری و هاندانی رەفتاری سەرنجڕاکێشی کارکردن، لەسەر ئەوەی ئەم پیشەسازییە بخرێتە کارنامەی نیشتمانی و لەکارە هەرە لەپێشینەکان دابنرێت.

٩- کرانەوە بەڕووی بەرەوپێشچوونەکانی گەشتیاری جیهانی و پارێزگارکردنی وڵات لە ڕۆڵی گەشتیاری چالاک لە جیهاندا.

١٠- تەرخانکردنی دارایی ناوخۆیی و پێویست بۆ گەشەپێدانی پڕۆسەی گەشتیاری.

١١- هەماهەنگی کردنى چالاکی ئابووری لەگەڵ چالاکی گەشتیاری.

١٢- زەمانەتکردنی ئەنجام نەدانی هیچ چالاکییەکی ئابووری کە ڕکابەری شوێنە گەشتیارییەکان بکات.

١٣- بەدواداچوون و چاودێریکردنی پرۆسەکانی داهاتی گەشتیاری و ون نەکردنی لە دەستاودەست کردنی بێ بەرنامە.

١٤- هەڵسەنگاندن و ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەی پێشتر ڕوویان داوە و کارکردن بۆ دووباڕە نەکردنەوەیان لە ئایندەدا.

١٥- رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆکان کە پسپۆر و بەهرەمەندن لەم بوارەدا.

 

نوسینی: هاژە خطاب شێروانی – ماموستا لەزانکۆی سەڵاحەدین

گۆڤاری(بازرگانی سەردەم) ژمارە ٢٣٧, ئاب ٢٠١٨